ئەمریکا: ئێران و گرووپە میلیشیاکان گەورەترین هەڕەشەن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

KNN/فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا دەڵێت، گەورەترین هەڕەشەکانی سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیانن، کە زۆربەیان بوونەتە خاوەنی درۆن و مووشەکی بالیستی کە لە هێرشەکانی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچەکە بەکاریانهێناون.

رۆژی یەکشەممە 28-08-2022، ژەنەڕاڵ ئەلێکسیس گرینکویچ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بەبۆنەی 90 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی جیهان کە نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو-یشی تێدا بەشداربوو، ئەنجامدا.

لەو تێلەکۆنفرانسەدا، ژەنەڕاڵ ئەلێکسیس گرینکویچ رایگەیاند، ئاسایش و ئارامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گرنگە بۆ تەواوی جیهان و بەتایبەتیش بۆ ئەمریکا.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لە تاران لەسەر ناوچەکە، ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکییە دەڵێت، “یەکێک لە مەترسییەکانی سەر ئەم ناوچەیە، جموجووڵەکانی هەندێک لایەنی ناوچەکەیە، ئەویش ئێران و گرووپە میلیشیا و بریکارەکانییەتی کە دۆخی ناوچەکەیان ناسەقامگیر کردووە. ئەو هەڕەشانەی کە ئێستا رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە بریتین لە هەڕەشەی مووشەکی بالیستی و هەڕەشەی درۆن کە ئەمەی دواتریان لە زۆربەی هێرشەکانی ئەمدواییەی گرووپە میلیشیاکان و ئێران بەکارهاتووە لە دژی وڵاتانی ناوچەکە وەکو سعودیە، یاخود هێرشەکانی حوسییەکان یان هێرشی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق”.

گرینکویچ گوتیشی، “سەرنجی ئێمە لە ناوچەکە بریتییە لەوەی بەردەوام بین لە گرتنەبەری رێکارەکانمان بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانیان لە تەواوی ناوچەکە، هەروەها گرنگیدان بە رۆڵ و هاوکارییەکانی هاوپەیمانەکانمان لە بەهێزکردنی توانا سەربازیی و هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە”.

“هێرشەکان پەیوەندییان بە گفتوگۆکانی ڤییەناوە نییە”

سەبارەت بە هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا لە دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە سووریا لە ئێران، ئەو ژەنەڕاڵە گوتی، “بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان لە هەر کوێیەک هێرشیان بکرێتە سەر، کەی و چۆنیش ئەو هێرشانە دەکەین ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری خۆمان و هیچ پەیوەندییەکیان بە گفتوگۆکانی ڤییەناوە نییە. ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردوو وەڵامدانەوە و بەرگریکردن بوو لە هێزەکانمان و تەنیا ‌‌سوپای ئەمریکاش هێرشەکەی ئەنجامدا و هیچ لایەنێکی دیکە بەشدار نەبووە و هیچ پەیوەندییەکیشی بە لایەنی دیکەی ناوچەکەوە نەبووە، جا ئەو لایەنە ئیسرائیلی بێت یان لایەنی دیکە”.

رۆژی 23ی ئاب، سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر “گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران” لە سووریا و ئەوکات ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە بۆ بەرگری و پاراستنی هێزەکانی وڵاتەکەی بووە لە هێرشی ئەو گرووپانە و دواتریش لە راگەیێندراوێکدا هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد لە ئەنجامی هێرشەکانیان کە بە هێلیکۆپتەری ئاپاچی، فڕۆکەی جەنگیی AC-130 و تۆپهاوێژی M777 کرابوو، چوار چەکدار کوژراون و حەوت مووشەکهاوێژیش تێکشکێندراون.

“هێزی گونجاومان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە”

سەبارەت بە ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرماندەی ‌هێزەکانی ئاسمانی ئەمریکا کە 19 ساڵ خزمەتی سەربازی لە نێو سوپای ئەمریکا هەیە دەڵێت، ناتوانم ژمارەی ‌هێزکانی ئەمریکا ئاشکرا بکەم، چونکە ئەوە زانیاریی سەربازییە، بەڵام ئێمە ژمارەیەکی گونجاو هێزی سەربازیمان لە ناوچەکە هەیە، بەتایبەتی بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی داعش و هێزی گونجاویشمان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان هەر کاتێک ‌هێرش بکرێتەسەرمان.

“بە تەکنەلۆژیا پێگەی سەربازیمان بەهێز دەکەین”

سەبارەت بە پێگە و پلانی داهاتوویان لە رووی هێزی ئاسمانییەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژەنەڕاڵ گرینکویچ ئاشکرایکرد، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی هێزەکانیان لە ناوچەکە، پێنتاگۆن ئامانجی ئەوەیە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە بەکاربێنن بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نەک لە رێگەی زیادکردنی ژمارەی سەربازانیان وەکو رابردوو.

Comments (0)
Add Comment