KNN
تانکە رووسییەکان لە دەوروبەری خارکیڤ هێشتا لە جووڵەدان و تۆپخانەکانیان بەردەوام گولـلە تۆپەکانیان دەتەقێنن، هەروەها بەشێکی زۆری شاری خارکیڤ وێران بووە.
بەگوێرەی نەخشەیەک ئەوە دەردەکەوێت کە بە درێژایی سنوورە 7 هەزار کیلۆمەترەکەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا، شەڕ گەرمە و تۆپبارانیش چڕە.
سوپای رووسیا 20 کیلۆمەتر لە باکووری خارکیڤەوە دوورە و نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتییەوە دوورە، بەڵام هێشتا رووسیا نەیتوانیوە شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
پارێزگاری خارکیڤ دەڵێت، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵ، هێرشەکانی رووسیا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەسی سیڤیل لە نیویاندا 50 منداڵ، هەروەها برینداربوونی دوو هەزار کەسی دیکە.
لە ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووانەکەی زیاتر لە 600 هەزار کەس ئاوارە بوون و زیاتر لە 4 هەزار و 500 باڵەخانە رووخاون؛ زیاتر لە 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون شیاوی ژیان نین و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
سوپای ئۆکراینا هەوڵ دەدات ورەی لە ئاستێكی بەرزدا بهێڵێتەوە. یەکەیەکی سەربازیی ئۆکراینا بە تانکی رووسی لە جۆری دوو ئێس 7، ناوچەکانی ژێر دەستی رووسەکان لە باکووری خارکیڤ دەکەنە ئامانج.
ڤلادیسلاڤ سەربازێكی ئۆکراینییە باس لە تاکە خەونەکەی ئەم قۆناخەی ژیانی دەکات. ئەو سەربازە دەڵێت، “دوو ساڵە من لە سوپادام، هێندەی ئەم شەش مانگەی رابردوو رووبەڕووی سەختی و مەترسی نەبوومەتەوە، بەڵام ورەمان باشە و چاومان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنە و دەشزانین کە گەیشتن پێی ئاسان نییە.”
شەڕی خارکیڤ ئاسان نییە، جەنگی ئۆکرایناش بە گشتی واقعێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. ئەو رێگەیەی کە پووتین لە شوباتی ئەمساڵ گرتیەبەر جیهان بەرەو قۆناخێکی نوێ دەبات کە مۆسکۆ ئومێدی هەیە رووسیا و رووسەکان بە شکۆی رابردوویان ببەستێتەوە و بەرەو ئاسمان بەرزیان بکاتەوە.