دوای 50 ساڵ ناسا دەگەڕێتەوە سەر مانگ

KNN
50 ساڵ دوای گەشتەکەی ئەپۆڵۆ، ناسا ئامادەکاریی گەڕانەوە بۆ سەر مانگ دەکات. رۆژی دووشەممە ناسا کەشتییەکی ئاسمانی بە ناوی ئارتێمیسی یەکەم هەڵدەداتە بۆشایی ئاسمان و گەشتەکە لە سەنتەری کەنەدی بۆ بۆشایی ئاسمان لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا دەستپێدەکات. 
جاک بێرنسوو، پرۆفیسۆری فیزیایی گەردوون لە زانکۆی کۆلۆرادۆ دەڵێت: “لە گەشتەکەی ئەپۆلۆدا هۆکاری چوونە سەر مانگمان پەیوەندی بە زانست و گەڕانەوە نەبوو؛ تەنیا ئامانجێک بوو لە لایەن سەرۆک جۆن کەنەدییەوە دانرابوو بۆ بەزاندنی رووسیا.ئەمجارە شوێنپێی خۆمان لە کۆمەڵەی خۆردا جێگیردەکەین بۆ ئەوەی ببینە گەڕیدەیەکی هەمیشەیی.”
ئەو رۆکێتەی کەپسوولەکەی پێ هەڵدەدرێت 98 مەتر بەرزە و تیرەکەشی 8.4 مەترە. گەشتی یەکەمی ئارتێمیس بەبێ کەشتیوانی ئاسمانی ئەنجامدەدرێت. دوو خولەک دوای هەڵدانی، کەپسوولەکە لە رۆکێتەکە جیادەبێتەوە و دواتر بەردەوام دەبێت تاوەکو 100 کیلۆمەتر لە مانگ نزیک دەبێتەوە.
گەشتەکە ماوەی 42 رۆژ دەخایێنێت، پێش ئەوەی بگاتەوە سەر زەوی. ئەرکی سەرەکیی ئەم گەشتە تاقیکردنەوەی قەڵخانی کەپسوولەکەیە لە بەرامبەر پلەی گەرما. لە کاتی گەڕانەوە بۆ زەوی، دەبێت بەرگەی خێرایی 40 هەزار کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و پلەی گەرمیی دوو هەزار و 760 پلەی سیلیزی بگرێت، دواتر بە هەڵدانی پەڕەشووت خێراییەکەی بۆ 32 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کەمدەکرێتەوە تاوەکو بتوانێت بە سەلامەتی بنیشێتەوە.
راندی لیکانس، جێگری سەرۆکی ناسا باسی لەوە کرد کە “ئارتێمیسی یەک، توانای سیستمی هەڵدانی بۆشایی و ئەندازیاریی سیستمەکە بۆ گەڕان و خودی رۆکێتەکەشمان بۆ دەسەلمێنێت بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی دەتوانین لە گەشتی ئارتێمیس دوودا کەشتیوانی ئاسمانی بنێرین و لە گەشتی ئارتێمیس سێدا بچینەوە سەر مانگ”.
ئەگەر بێتو ئەم تاقیکردنەوەیەی ناسا سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی 2024 دا کەپسوولێکی دیکە بە چوار کەشتیوانی ئاسمانییەوە دەنێردرێتە نێو خولگەی مانگ. لە گەشتی ئارتێمیسی سێشدا کە لە کۆتایی ساڵی 2025 دا ئەنجامدەدرێت، ناسا دوو کەس دەنێرێتە سەر رووی مانگ.
Comments (0)
Add Comment