دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا گەشتێک بە نێو گەرووی تایواندا دەکەن

 KNN-جیهان

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ یەکەمجار دوای سەردانی نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان و مانۆڕی سەربازی چین بە دەوری دوورگەکە، دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا بە نێو گەرووی تایواندا تێپەڕین.
فەرماندەیی کاروانی حەوتەمی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، هەردوو کەشتیی جەنگیی USS ئانتیتام و USS چانسڵۆرسڤیڵی ئەمریکی بە نێو گەرووی تایواندا تێپدەپەڕن کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی فڕینی بەردەوام و تێپەڕینی کەشتی بەو رێڕەوە ئاوییەدا رێگەپێدراوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوەشکراوە، گەشتی کەشتییەکان بە رێڕەوە ئاوییەکەی نێوان چین و تایواندا بەردەوامە و هیچ کاردانەوەیەکیش لەلایەن سوپای دەرەکییەوە نەبووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “ئەو کەشتییانە بە نێوەندێکدا تێپەڕیون کە سەر بە سنووری ئاویی هیچ وڵاتێک نییە. تێپەڕینی کەشتییەکان بە نێو گەرووی تایواندا نیشاندەری خواستی ئەمریکایە تاوەکو زەریای هیندی ئارام و ئازاد بێت.سوپای ئەمریکا بە هەر شوێنێکدا کە یاسای نێودەوڵەتی رێگەی پێدەدات، گەشتی دەریایی دەکات و جموجۆڵی هەیە”.
Comments (0)
Add Comment