دڵشاد شەهاب: هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
KNN-هەولێر
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بە دیاریکراوی هیچ رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبێت و دەشڵێت، “دوا دانیشتنیش دانیشتنێکی باش بوو، پێشنیاری نوێی تێدابوو.”
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بەڵام هێشتا رۆژەکە دەستنیشان نەکراوە.”
بە گوتەی راوێژکارە باڵاکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان “دوا دانیشتنیش دانیشتنێکی باش بوو، پێشنیاری نوێی تێدابوو، پەرلەمانیش لە پشوودا بوو دەنا پێویستی دەکرد ئەو پێشنیارانە لەنێوان فراکسیۆنەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرابا وەکو دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی هەمواری یاساکە.”
دڵشاد شەهاب پێیوایە، “گرێی بنچینەیی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بووە، ئەویش ئەوەیە هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت یاساکە هەموار بکرێت. تێڕوانینی جیاواز هەیە، ئەوەش ئاساییە و لە وردەکاریی هەر یاسایەکە چاوەڕوانکراوە.”
ئەمڕۆ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، بەڵام بە دیاریکراوی رۆژی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکرد؛ گوتیشی، “چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیی لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆئەوەی پێداویستییە یاساییەکانی لە پەرلەمان بۆ دابینبکرێت.”
رۆژی 10ی ئابی 2022 بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.