رانگنیک رێگەی نەدا رۆناڵدۆ بچێتە چێڵسی

لەکاتێکدا ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر یونایتد بە یانەی چێڵسی بەسترابووەوە، بەڵام کەسێکی نزیکی خۆی کە پێشتر بەیەکەوە کاریانکردووە، رێنوێنی یانەکەی کردووە کە ئەو یاریزانە نەکڕێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ” راڵف رانگنیک، راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و ئێستای هەڵبژاردەی نەمسا، رێنوێنی تۆماس تۆخێل، راهێنەری چێڵسیی کردووە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ نەکات.
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە کردووە، تۆد بۆیلی، خاوەنی یانەی چێڵسی گوشاری لە تۆخێل کردووە، بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ بگوازنەوە، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە رازی نەبووە و نایەوێت ئەو یاریزانە لە تیپەکەی ئەودا یاری بکات.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە کردووە، بۆچوونی رانگنیک لەبارەی رۆناڵدۆوە چاوەڕواننەکراو نییە، بەتایبەت کە کاتێک راهێنەری مانچێستەر یونایتدیش بوو پەیوەندییان لەگەڵ یەک باش نەبوو.
چەند رۆژێکی کەم ماوە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کۆتاییدێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و چارەنووسی یاریزانەکە رۆژەڤێکی گەرمی جیهانە، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە یانەیەک کە لە چامپیۆنزلیگدا یاری بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەگەڵ هیچ یانەیەک نەکراوە.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت ” رۆناڵدۆ لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لەوەی لە مانچێستەر یونایتد بڕوات، بەڵام هێشتا دیار نییە دەچێتە کوێ؟”
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت تێن هاگ هانبدات، بۆ ئەوەی دەستبەرداری کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێت، پاڵپشتیی دارایی بکەن و یاریزانێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی یاریزانەکە بگوازنەوە.
پێشتر تێن هاگ، زیاتر لە سێ جار رایگەیاندووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی مانچێستەر یونایتدە و دەیەوێت بەیەکەوە کاربکەن، بەڵام لە 4 یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، یاریزانەکە لە 4 یارییدا وەک یاریزانی یەدەگ یارییکردووە.
Comments (0)
Add Comment