فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی: یۆنان ناهێڵێت پارێزەر بچێتە لای کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان

KNN/نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا رایدەگەیێنێت، ئێستا هەڵسوکەوتی یۆنان بەرامبەر بە کۆچبەران گۆڕاوە و تاوەکو رێکارەکانی لێپێچینەوەی خۆی تەواو نەکات ناهێڵێت پارێزەریش بچێتە لایان.
هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا راگەیاند: “پێشتر یۆنان دوای دوو-سێ رۆژ لە دەستگیرکردنی کۆچبەرەکان ژمارەی پەنابەرەکان و ناو و وڵاتینامەیانی ئاشکرا دەکرد و رێگەی دەدا پەیوەندیی بە کەسوکاریانەوە بکەن، بەڵام ئێستا زۆری پێدەچێت و رێگە نادات پارێزەریش بچنە لای پەنابەرەکان.”
نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا ئاماژەی بەوە دا، لە 10ی ئابدا بەلەمێک بە 80 کۆچبەرەوە نقووم بوو کە 29 کۆچبەر رزگار کران و چارەنووسی ئەوانی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە. تاوەکو ئێستا پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنان و هیچ دەزگایەکی دیکەی پەیوەندیداری ئەو وڵاتە هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردوونەتەوە.
لەم هەفتەیەدا چەند رووداوێکی نەخوازراو بەسەر کۆچبەراندا هاتن کە کوردی باشوور و رۆژهەڵاتیان تێدا بوو.
نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا باسی لەوە کرد، 25ـی ئاب یەختێک لە نزیک دوورگەی کالاماتا لە نزیک سنووری ئاویی یۆنان بەهۆی بەهێزیی شەپۆلەکانی دەریاوە ماتۆڕەکەیان لە کار دەکەوێت و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن و دەترسان لەلایەن قاجاخچییەکانەوە بێسەروشوێن بکرێن یان فڕێ بدرێنە دەریاوە. پەیوەندییان بە ئەوانەوە کردووە و، توانیویانە لە کەمتر لە نیو کاژێردا هێزەکانی پۆلیسی یۆنان ئاگادار بکەینەوە و بگەنە لایان و رزگاریان بکەن کە 65 کەس بوون.
ئەو نوێنەرەی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی ئەوەیشی خستەڕوو کە 26ـی ئابیش نزیکەی 80 کەس بە کۆچبەر و قاچاخچی و بەلەمەوانەکانەوە کە رەنگە 70یان کۆچبەر بن، لەبەر ئەوەی قاچاخچییەکان جێیان هێشتبوون کەوتبوونە چارەنووسێکی نادیارەوە. بەهۆی هەوڵ و گوشاری رێکخراوەکانی کۆچبەرانەوە توانرا هێزی دەریاوانیی یۆنان رازی بکرێت کە رزگاریان بکەن.
هیوا خدر گوتیشی: “هەواڵی ئەوەیش هەبوو کە بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران چەند رۆژێکە لە تورکیاوە بەڕێکەوتووە. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە دەرکەوت کە لە 22ـی ئابدا بەلەمێکی کۆچبەران کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لە ناویشیاندا زۆرینەیان خەڵکی رانیە و قەڵادزێن لە 24ـی ئابدا رووبەڕووی پۆلیسی یۆنان بوونەتەوە. برای یەکێک لە کۆچبەرەکان کە قسەمان لەگەڵدا کرد، گوتی: ‘بەرەبەیانی 25ـی ئاب براکەم پێی گوتووم ئەوە پۆلیسی یۆنان دەستگیرمان دەکەن.’ “
هیوا خدر باسی لەوە کرد، هەواڵەکە وا بڵاوکرابووەوە کە بێسەروشوێنن و دیار نین، ئەگەر ئەوە هەمان بەلەم بێت، ئەوا لەلایەن پۆلیسی ئێشکگریی یۆنانەوە دەستگیر کراون و لە یەکێک لە دوورگەکاندا لە کەمپدان.
بە گوتەی هیوا خدر، ژمارەی پەنابەر و کۆچبەر لە تورکیا زۆر زۆرە. نزیکەی سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری فەرمی نزیکەی ملیۆنێکیش نافەرمیی سووریایی لێیە. ئێستا خەریکە ژمارەی پەنابەرە ئەفغانییەکانیش لە ژمارەی سوورییاییەکان نزیک دەبێتەوە و رۆژانە نزیکەی 1000 پەنابەری ئەفغانی دێنە تورکیا. رۆژانە تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە نزیکەی 300 پەنابەری ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان دەنێرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئیزمیر و شارەکانی دیکەیشەوە دەیاننێرێتەوە.
نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا ئاشکرای کرد کە لە حەوت مانگی رابردوودا 176 هەزار و 869 کۆچبەر دەستگیر کراون کە ئەمەیش لە هەموو دەستگیرکراوانی پار زۆر زیاترە. لەم ژمارەیە ئەفغانییەکان لە پلەی یەکەمدان. 3275 پەنابەریان عێراقی بوون. لەو حەوت مانگەیشدا 256 کۆچبەر مردوون.
Comments (0)
Add Comment