نرخی کارەبا لە ماوەی یەک ساڵدا لە ئەوروپا 10 هێندە بەرز بووەتەوە

نرخی کارەبا لە گرێبەستەکانی ساڵی داهاتوو لە ئەڵمانیا بەرز بووەتەوە بۆ 995 یۆرۆ بۆ یەک مێگاوات، لە فەرەنساش بەرز بووەتەوە بۆ 1100 یۆرۆ؛ ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە لە ساڵی رابردووەوە نرخی کارەبا 10 هێندە زیادیکردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا لە ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی، کە گەیشتە 341 یۆرۆ لە دوایین ساتی مامەڵەکان لە رۆژی هەینی و نزیکبووەتەوە لە 345 یۆرۆ، کە بەرزترین ئاستی نرخی گازی سرووشتییە لە مێژوودا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ تۆمارکراوە.
لە 19ی ئابی ئەمساڵەوە کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی رایگەیاندووە، بۆریی گازی نۆرد ستریم چاک دەکاتەوە و لەبەر ئەوەش هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا لەڕێگەی ئەو بۆرییەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 29ی ئاب تاوەکو 31ی ئاب رادەگرێت.
وڵاتانی ئەوروپی رەتیانکردووەتەوە مەبەستی گازپرۆم چاککردنەوەی بۆرییەکان بێت و رایانگەیاندووە، مۆسکۆ مەبەستی سیاسیی هەیە و بەنیازە پرسی گاز زیاتر بە سیاسی بکات.
Comments (0)
Add Comment