نەخۆشییەکی مەترسیدار لەنێو داربەڕووەکانی دارستانەکانی زاگرۆس بڵاودەبێتەوە

نەخۆشییەکی مەترسیدار لەنێو داربەڕووەکانی دارستانەکانی زاگرۆس بڵاودەبێتەوە

 

KNN-رۆژهەڵاتی کوردستان

پەتای لۆرانتووس لەنێو داربەڕووەکانی دارستانەکانی زاگرۆس لە سنووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە کە دەبێتە هۆی وشکبوونی داربەڕووەکان. پەتاکە لە شێوەی گەڵایە و بە قەدی دارەکانەوە دیار نییە، بەڵام هەموو ئاوی دارەکە هەڵدەمژێت و دوای ماوەیەک وشکی دەکات.
ژینگەپارێزێکی ئیلام دەڵێت، “ئەو پەتای لۆرانتووسەی کە لەم دارەدا دەرکەوتووە، رێک وەکو شێرپەنجەیە کە تووشی مرۆڤ دەبێت. سەیری ئەم لقە بکەن، چەند هێندەی گەڵاکانی خۆی لۆرانتووسی لێ رواوە و سەوزتریشە. هۆکارەکەشی ئەوەیە هەموو ئاوی دارەکە دەکێشێت بۆ خۆی و ئیدی دارەکە توانای ئەوەی نامێنێت ئاو بگەیێنێتە لقەکانی خۆی.”
پەتاکە لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەمووکانە ناسراوە و سەرەڕای ئەوەی هەڕەشەیەکە لەسەر 60%ی دارستانەکانی پارێزگای ئیلام، لە بەشەکانی دیکەی زاگرۆس لە پارێزگاکانی کرماشان و سنەش، بەردەوام سەرهەڵدەدات. هەربۆیە ساڵانە ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو کەرەستانەی کە خێرخوازان بۆیان دابیندەکەن، خۆبەخشانە رووبەڕووی پەتاکە دەبنەوە.
ژینگەپارێزێکی دیکە دەڵێت، پێشتر بە مشاری دەستی کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا بە هاتنی مشاری کارەبایی و هەوڵی خێرخوازان بۆ دابینکردنیان، زۆربەی کێشەکانیان چارەسەر بووە و “ئاسانتر دەتوانین ئافاتەکە لەنێوببەین. پێشتر مەترسیی زۆری هەبوو بە دارەکاندا هەڵگەڕێین، بەڵام ئێستا بەم شێوەیە زۆر سەلامەتە.”
رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس شەش ملیۆن هێکتار دەبێت و کەوتووەتە 11 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 400 هەزار هێکتار داربەڕووی ئەو دارستانانە تووشی پەتا بوون کە 641 هەزار هێکتاری لە ئیلام و 560 هەزار هێکتاریشی لە لوڕستان بووە؛ تەنیا لە بەشی لوڕستانی ئەو دارستانانە 80 هەزار داربەڕوو بڕدراونەتەوە.
پەتایەکی دیکەی داربەڕووەکانی زاگرۆس، کە بە پەپوولەی بەڕووخۆر ناودەبرێت، سەریهەڵداوە. بەپێی ئەو دیمەنانەی چەند مانگێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە، دەردەکەوێت زیانی زۆری بە دارستانەکانی زاگرۆس گەیاندووە، هۆکارەکەشی دەگوترێت گۆڕانی کەشوهەوایە.
ژینگەپارێزێک باس لەوە دەکات، “پەتای پەپوولەی بەڕووخۆر لە رەگەوە دەستپێدەکات و بەرەو هەموو لقەکانی دارەکان دەچێت و لەنێویان دەبات. پەتایەکی زۆر مەترسیدارە و هەزاران داری ناوچەکەی گرتووەتەوە.”
دارستانەکانی زاگرۆس بە پێنج هەزار ساڵ تەمەنەوە، بە یەکێک لە سەرمایە ژینگەییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت کە کاریگەریی زۆری لەسەر ئێکۆسیستمی ناوچەکە هەیە. گۆڕانی کەشوهەوا، گرنگینەدانی خەڵک بە ژینگە و نەبوونی رێکاری زانستی بۆ پاراستنی لەلایەن حکومەتەوە، بە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ئەو دارستانانە هەژمار دەکرێن.
Comments (0)
Add Comment