ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی پاکستان بۆ 1,033 کەس بەرزبووەوە

KNN-جیهان
یەکشەممە 28ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەدانی کارەساتی سرووشتیی پاکستان دوایین ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو ئامارانەش، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە هەزار و 33 کەس.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 119 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بارانی بەخوڕ لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە هێشتا بەردەوامە.

بارانی وەرزیی لە پاکستان، سەرچاوەی سەرەکی پڕکردنەوەی بەنداوەکان، دەریاچەکان و ئاودانی دەخڵودانەکانە، بەڵام ساڵانەش کارەساتی سرووشتی لێدەکەوێتەوە.

بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، تەنیا لەمساڵدا کارەساتی سرووشتی، لەنێویدا لافاو و رۆچوونی زەوی، زیانی بە لانیکەم 33 ملیۆن کەس لە پاکستان گەیاندووە. بە واتایەکی دیکە لە هەر حەوت کەسێک لەو وڵاتە کەسێک کەوتووەتە بەر کاریگەریی کارەساتی سرووشتی. هاوکات زیانی بە نزیکەی یەک ملیۆن ماڵیش گەیاندووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 800 هەزار هێکتار لە زەویی کشتوکاڵیی وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە، سێ هەزار و 451 کیلۆمەتری رێگەوبانەکان و 149 پردیش رۆچوون.

Comments (0)
Add Comment