گۆرانیبێژێکی تورک کە نیسانی رابردوو لە کۆنسیرتێکدا بە تەنزەوە رەخنەی لە قوتابخانە ئایینییەکانی تورکیا گرتبوو، ئێوارەی 25ی ئاب دەستبەسەرکرا و بەتۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ رق و دوژمنایەتی” خرایە زیندانەوە.
گولشەن چۆلاکئۆغڵو، گۆرانیبێژی تورک لەبارەی کەسێکەوە گوتبووی، “پێشتر لە ئامادەیی ئیمام خەتیب خوێندبووی، بەدرەوشتییەکەی لەوەوە دێت”.
ئێوارەی هەمان رۆژ لە یاریگەی کادیکۆی ئیستەنبووڵ کاتێک فەنەرباهچە لە یاری قۆناخی پلەی ئۆفی پاڵاوتنەکانی یۆرۆپا لیگ گۆڵی سێیەمی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا وین تۆمارکرد، هاندەرانی فەنەرباخچە بە گوتنی گۆرانییەکی گولشەن بەناوی “لە وڵاتدا خۆشەویستی، لە جیهاندا خۆشەویستی” پشتگیری ئەو هونەرمەندە دەستگیرکراوەیان کرد.
پارێزەری گولشەن دەڵێ بڕیارەکە نایاساییە و لە دادگەی باڵا تانەی لێ دەدەن. ئەمەک ئەمرە گوتیشی، “بە بۆچوونی ئێمە بریکارەکەمان تاوانی نەکردووە. بەپێی مادەی 216 لە یاسای سزای تورکیا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە، کاتێك دەڕوانینە سنوورەکانی ئەو جۆرە تاوانە، بڕیاری دەستگیرکردن بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە. لەو بڕوایەداین ئەو بڕیارە کە پێچەوانەی رێکارەکان و یاساشە، لە ئەنجامی تانەلێدان هەڵدەگیرێت”.
ئەو رووداوە جارێكی دیکە مشتوومڕەکانی لەبارەی ئازادیی رادەربڕین و سەروەریی یاسا لە تورکیا گەرم کردووە. یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت، قوتابخانە ئایینییەکان خزمەتی خەڵک دەکەن و رەخنە لە ئۆپۆزیسیۆن دەگرێت.
هەمزە داغ، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت: “کاتێک دەڕوانییە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، جارێكی دیکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن زمانی هەڕەشە و زمانی بچووک و جیاکاری بەچڕی بەکاردەهێندرێت”.
ئۆپۆزیسیۆنیش دەسەڵاتی ئاکپارتی تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەوڵەت لە عەلمانییەوە بۆ دەوڵەتێكی ئیسلامی.
ئەحمەد شک، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا باس لەوە دەکات: “ئەوانەش کە ئەم سیستمە دادوەرییە خراپەیان دروستکردووە، هیچ ئاسایشێکی یاساییان نییە، چونکە سبەی کە دەسەڵات گۆڕا، بۆ لێپرسینەوە لەو کارانەی دەسەڵات کردوونی دەچنە ریزەوە، هەمان ئەو داواکار و دادوەرانە. هیچ کەسێک لە تورکیادا گەرەنتی یاسایی نییە، بە رەجەب تەیب ئەردۆغانیشەوە.”
زیندانیکردنی ئەو گۆرانیبێژە بەشێک لە دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستانی نیگەران کردووە و لە سۆشیاڵمیدیا دەڵێن، لەکاتێکدا ژمارەیەک بانگخواز لە تورکیا ئازادانە بانگەشە دەکەن و بەهۆی نوێژنەکردنەوە کوشتنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن، بەڵام لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێ.