کازمی: دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە

KNN کوردی/
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا هۆشداری لەبارەی رووداوەکان دەدات و دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت “هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی” دەنێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا رایگەیاند، “لێرەوە هۆشداری دەدەم ئەگەر ئاژاوە، رووبەڕووبوونەوە، ناکۆکی، ململانێ و گوێنەگرن لە لۆژیک بەردەوام بێت، هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی دەنێم بەوەی کە رایدەگەیێنم لە کاتێکی گونجاودا دەست لە پۆستەکەم هەڵدەگرم”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، “ئازارم چەشتووە بۆ ئەو دۆخەی بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە تێیکەوتووین.” هەروەها سوپاس هێزە ئەمنییەکان دەکات کە سەرەڕای ئەوەی “هەوڵدرا بۆئەوەی ببنە بەشێک لە ململانێی نێو چەکی کۆنترۆڵنەکراو،” بەڵام “ئەوان رەتیانکردەوە ببنە بەشێک لەم ململانێیە و لە ریزی نیشتماندا وەستان و هەرچەندە کاردانەوەکان بەهێزیش بووبن، رەتیانکردەوە لوولەی چەکەکانیان ئاراستەی سنگی عێراقییەکان بکەن.”
لەبارەی کوژرانی خۆپێشاندەرانیش بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە، کازمی دەڵێت، “خوێنی پاکی عێراقییەکان کە لە رووداوەکانی دوێنێدا رژا، زەنگێکە بۆ هەموو عێراقییەکی رەسەن و راستگۆ، بەوەی دەبێت ئەمڕۆ رووبەڕووی هەموو ئەو راستییە تاڵانە ببینەوە و بە کردەیی هەموو چەکەکان بخرێنە ژێر دەستی دەوڵەت، نەک تەنیا ئەو شتە بە دروشم و بانگەشە بێت.”
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، “لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی بەرپرسن لە پێدانی چەک بەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و خوێنیان رشتن.”
Comments (0)
Add Comment