کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

KNN/دوای دوو مانگ پشوودان، رۆژی پێنجشەممە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکەنەوە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا لایەنەکان بۆ درێژکردنەوەی کاتی ئەم خولەی پەرلەمان رێکنەکەوتوون.
رۆژی چوارشەممە، 31ـی ئابی 2022، جەلال محەممەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “سبەی پەرلەمان کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکاتەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان ناکرێت”.
رۆژی 6-11-2022 ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستاش لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکنەکەوتوون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو 5ـی مانگی 11، بەگوێرەی یاسا پەرلەمان نەدەتوانێت تەمەنی خولەکە درێژبکاتەوە، نە دەشتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. گوتیشی: “رۆژی 5ـی مانگی 11 پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی خولەکە یان هەڵوەشاندنەوە دەدات، لە هەموو ئەگەرێکدا تەمەنی ئەم خولە شەش مانگێک بۆ ساڵێک بە رێککەوتنی لایەنەکان درێژ دەکرێتەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە”.
سەبارەت بە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی سبەی، لە راگەیێندراوێکدا پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای گوتەی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی پاییزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان – عێراق –  پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان-عێراق) دەکرێت.
پەرلەمانی کوردستان ساڵانە دوو وەرزی یاسادانانی هەیە و هەر وەرزێک چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەکانی، لەنێوان هەر وەرزێکدا دوو مانگ پشووی دەبێت و لەکاتی پشووەکەدا کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن.
Comments (0)
Add Comment