بەرەبەیانیی دووشەممە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبووەوە و بەهای یۆرۆ و پاوەند لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزین.
وەستانی هەناردەکاری گازی رووسیا لەڕێگەی بۆری نۆردستریمەوە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی و، بەو پێیەش بەهای یۆرۆ دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5-9-2022، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای یەک یۆرۆ بۆ 0.9901 دۆلار دابەزی.
هەرچەندە رووسیا بەڵێنی دابوو هەناردەکردنی گازی سرووشتی لەڕێگەی بۆری نۆرد ستریم-1 رۆژی شەممەی رابردوو دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردەسەر و بەو هۆیەشەوە نیگەرانیی دروستبووە کە ئەو وڵاتە جارێکی دیکە گازی سرووشتی لەڕێگەی بۆری نۆردستریمەوە هەناردە نەکاتەوە بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان.
کەمبوونەوەی گازی رووسیا لە بازاڕی ئەوروپا و بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازی سرووشتی زیانی گەورەی ئابووری لە وڵاتانی ئابووری دەدات، ئەوەش بووەتە هۆکار دابەزینی زیاتری بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.