پاش 12 کامپەینی پڕ رکابەری لەگەڵ ریشی سوناکی گەورە سەرمایەداری بە رەچەڵەک هیندی، لیز ترەس بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا.
دوای هەڵبژاردنی، لیز ترەس، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا رایگەیاند، “جێگەی شانازییە کە وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگارانی یەکگرتوو هەڵبژێردرام. دەمەوێ سوپاسی لیژنەی 1922 بکەم کە یەکێک لە درێژترین چاوپێکەوتنی دەرفەتی کاری رەخساند.”
لیز ترەس بە 81326 دەنگی ئەندامانی پارتی پارێزگاران هەڵبژێردرا کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
لە کامپەینەکەدا 172 هەزار و437 هەزار دەنگدەر بەشداربوون، رێژەی بەشداریی دەنگدەران 82.6٪ بوو، کۆی ئەو دەنگانەی رەتکرانەوە 654 دەنگ بوو. لە ئەنجامدا لیز ترەس 81326 دەنگی بەدەستهێنا و ریشی سوناکیش 60399 دەنگ.
لیز ترەس لەبەردەم بەرپرسیارییەتیێکی گەورەدایە، ئاستی هەڵاوسان لە بەریتانیا بۆ سەرووی 10٪ بەرزبووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا گوزەرانی خەڵکی شێواندووە، ئەمە لەکاتێکدایە شەش مانگ بەسەر شەڕی ئۆکراینا تێدەپەڕێت و بەریتانیا رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پشتگیریکردنی کیێڤ لەم شەڕەدا.
لیز ترەس گوتیشی، “پلانێکی گەورە جێبەجێدەکەم. بۆ ئەوەی باجەکان کەمبنەوەو ئابووریشمان گەشەبکات. کار لەسەر قەیرانی وزە دەکەم و کێشەی پسوولەی وزەی خەڵک چارەسەردەکەم. کار لەسەر کێشە درێژخایەنەکەشمان کە بریتییە لە دابینکردنی وزە.”
قەیرانێکی دیکە کە ئەرکی لیز ترەس قورسدەکات، هاتنی لێشاوی کۆچبەرانە کە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 هەزار کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزەوە پەریونەتەوە وڵاتەکە.
لیز ترەس رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆچبەران کردووەتە کاری لەپێشینەی خۆی، ژنە تەمەن 47 ساڵانەکە بڕیاریداوە کار بۆ سەرخستنی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بکات، پلانێک کە تاوەکو ئێستا نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی بۆ خۆشنەکردووە.