فەرەنسا،ئەڵمانیا و بەریتانیا:ئێران نایەوێت دەرفەتی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بقۆزێتەوە

فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا گەشبین نین بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و دەڵێن: دوایین داواكاریی ئێران گومانی جیددی لەبارەی ویست و پابەندبوونی تاران دروستکردووە.

رۆژی شەممە 10ـی ئەیلوولی 2022، هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: “بەداخەوە ئێران نایەوێت ئەم دەرفەتە گرنگە دیپلۆماسییە بقۆزێتەوە؛ تەنانەت ئێران بەردەوامە لە پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە جۆرێک ئەوەی دەیکات لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی سڤیلدا نەماوەتەوە.”

فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دەڵێن: دوایین داواكاریی ئێران گومانی جیددی لەبارەی ویست و پابەندبوونی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی سەرکەوتوو لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی دروستکرد.

راگەیێندراوە هاوبەشەکەی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا رۆژێک دوای لێدوانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت کە گوتی، وەڵامی ئێران بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە هەنگاونانە “بۆ دواوە” و گوتیشی: “ئێمە بە رێککەوتنێک رازی نابین کە مەرجەکانمانی تێدا جێبەجێ نەکرێت.”

رۆژی چوارشەممە 7ـی ئەیلوولی 2022، عەلی بەهادووری جەهروومی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتی: “گفتوگۆکان بەردەوامن. دەبێت لایەنی دووەم داواکارییە گەورەکانی رابگرێت. وەک سەرۆکی ئێران باسیکرد، رێگەیەکی بەرهەمدار گیراوەتەبەر، ئێمە چوار مەرجمان هەیە.”

ئەو چوار مەرجەی ئێران داوای دەکات:

یەکەم، پێویستە واشنتن گەرەنتی بدات کە هیچ سەرۆکێکی دیکە لە داهاتوودا لە رێککەوتنەکە نەکشێتەوە، ئەوەش بۆئەوەی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو دووبارە نەکرێنەوە کە ساڵی 2018 تاکلایەنانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابووریی سەختی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەگەریش ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، رێگە بە ئێران بدرێت بە شێوەیەکی خێرا چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاد بکات.

دووەم، ئەگەر ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، پێویستە گەرەنتی بدرێت کە هیچ سزایەک بەسەر ئەو کۆمپانیا و بانکە بیانیانەدا ناسەپێندرێت کە لەگەڵ یان لەنێو ئێراندا کار دەکەن.

سێیەم، ئەگەر ئەمریکا لە رێککەوتنەکە چووە دەرەوە، جارێکی دیکە سزای ئابووری و سیاسی بەسەر ئێراندا نەسەپێنێت.

چوارەم، پێویستە ئەمریکا تۆمەتە سیاسییەکانی سەبارەت بە ئێران رابگرێت.

بە کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لادەبرێن و لە بەرامبەر سنووردارکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیدا ئێران دەتوانێت نەوتەکەی لە بازاڕە جیهانییەکان بفرۆشێت.

 

ئەڵمانیا و بەریتانیائێرانفەرەنسا
Comments (0)
Add Comment