راهێنەری مانچێستەر یونایتد لە مێرکاتۆی زستانەدا لانیکەم 70 ملیۆن پاوەندی لەبەردەستدا دەبێت و ئەگەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەکە بڕوات ئەگەری هەیە ئەو بڕە پارەیە زیاتربێت.
مانچێستەر یونایتد لە مێرکاتۆی هاوینەدا زیاتر لە 215 ملیۆن پاوەندی داوە بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی پێکهاتەکەی، کە ئەنتۆنی ئەستێرەی بەرازیلی بە گرێبەستێکی گرانبەها و گەورە، بە بڕی 85 ملیۆن پاوەند لە یانەی ئایاکسی هۆڵەندی هێناوە، هەروەها نزیکەی 70 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی کاسێمیرۆ لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە خەرجکرد، هەروەها زیاتر لە 50 ملیۆن پاوەندی لە هێنانی لیساندرۆ مارتینێزی بەرگریکاری ئەرجەنتینی لە یانەی ئایاکس خەرجکرد.
بەپێی رۆژنامەکانی بەریتانی، تێن هاگ پاڵپشتی دارایی نوێ وەردەگرێت، کاتێک دەرگای گواستنەوەی زستانە دەکرێتەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالێتی تیپەکە.
ئەو بڕە پارەیەی کە ئاماژەی پێکراوە بۆ زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەند بەرزدەبێتەوە، ئەگەر رۆناڵدۆ بڕیاربدات ئۆڵدترافۆرد جێبهێڵێت، کە لە مووچەی زەبەلاحی یاریزانە پورتوگالییەکە دابین دەکرێت، بۆیە وەک هەندێک سەرچاوە باسی دەکەن بەرپرسانی مان یونایتد بەنهێنی بڕیاریانداوە لە زستاندا رێگە لە رۆیستنی کریس نەگرن، ئەگەر بیەوێت بڕوات و یانەیەکیش بیەوێت.
یونایتد لەم هاوینەدا لانیکەم داوای 20 ملیۆن پاوەندی دەکرد بۆ دەستبەرداربوون لە کریستیانۆ، بەڵام نەیتوانی یانەیەک بدۆزێتەوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆناڵدۆ.
یەکێک لە ئامانجەکانی داهاتووی تێن هاگ، فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییە، کە لەژێر سەرکردایەتی ئەودا لە یانەی ئایاکس یارییکردووە.
تێن هاگ پێیوایە لانیکەم پێویستی بە سێ یاریزانی دیکەی تیپی یەکەمە، پێش ئەوەی یانەکە جارێکی دیکە ئامادەبێت بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستدا رکابەری بکات.