Take a fresh look at your lifestyle.

ئاراس شێخ جەنگی: پێشتر گوتبووم سیستمی هاوسەرۆکی مافیاگەری دروستدەکات

15
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی رایگەیاند، ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی درا “پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بوو، چونکە سەرکردایەتی ناتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرە بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر من ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بەشداریم بکردایە داوام لە بافڵ تاڵەبانی دەکرد لەگەڵ پارتی یەکبگرنەوە و ببن بە یەک حیزب، ئەوە باشترین خزمەتە کە یەکێتی ئێستا بیکات.”
رۆژی یەکشەممە 28-8-2022، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەندامان، سیستمی هاوسەرۆکی هەڵوەشێنرایەوە و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا.
ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی ناساندنی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی لە لایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “پیرۆزباییان لێدەکەم و سیستمی هاوسەرۆکی دەمێکە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ روویدا پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بوو، چونکە سەرکردایەتی ناتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرە بگۆڕێت، بەڵام زۆرجار لە نێو حیزبە کوردییەکاندا زۆر شت دەکرێت پێچەوانەی پەیڕەوە.”
ئاراس شێخ جەنگی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، گوتی: “ئەگەر ئاگاداری منیان کردبایە دەگەڕامەوە و بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆم دەکرد، “یەک شتم پێ دەگوتن، مادام بە نیازن ئەو گۆڕانکارییانە بکەن، یەک شتی دیکەش بکەن، پارتی کۆنگرەی لە پێشە، بڕیارێک لەم کۆبوونەوەیە دەربکەن و بیکەنە نێو پەیڕەو و بە زووترین کات لەگەڵ پارتی یەکبگرنەوە و ببنەوە بە یەک حیزب، چونکە ئێستا هیچ جیاوازییەک لە نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە، ئەو بڕیارە هەم لە خزمەتی خەڵکە هەم لە خزمەتی گەلی کوردستانە، ئەوە باشترین خزمەتە کە ئێستا یەکێتی بیکات.”
دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتی، چەندین کێشەی نێوخۆیی لەنێو یەکێتی دروستبوون، سەرکردایەتیی حیزبەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کۆنگرەی چوارەمی لە 21-12-2019 بەست و سیستمی هاوسەرۆکیان پەسندکرد و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆک.
لە بارەی سیستمی هاوسەرۆکی، ئاراس شێخ جەنگی گوتی: “من هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەو سیستمە نەبووم و دەنگم پێنەدا، قوباد تاڵەبانی شاهیدی ئەوەیە لە ماڵی ئەو دانیشتبووین گوتم، ئەوە کارێکی خراپە و مەیکەن، دەرئەنجامەکەشم پێگوتوون کە ئەگەر بیکەن لە کۆتایی هەردووکیان لە یەکتر بەردەبن و مافیاگەری دروست دەبێت.”
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی “گلەیی لە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی” هەیە و دەڵێت: “من لەگەڵ لاهوور نیم و پەیوەندیم بە لاهوورەوە نییە، من خاوەنی رای خۆمم و کاتی خۆی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیش رای خۆم لەسەر هەردووکیان و لەسەر بارودۆخی یەکێتی هەبووە، من گلەییم لە هەردووکیان هەیە.”
شەوی سێشەممە 02-11-2021، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ئاراس شێخ جەنگی بۆ ماوەی شەش مانگ لە کارەکەی سڕکرا. لەو بارەوە گوتی: “ئەو بڕیارە تەنیا بڕیاری بافڵ تاڵەبانی بوو نەک حیزب، من لە ماڵەوە دانیشتبووم نامەیەکم پێ گەیشت کە واژۆی بافڵ تاڵەبانی لەسەربوو و ئاماژە بەوە کرابوو کە بۆ ماوەی شەش مانگ لە کارەکەم سڕکراوم، تەنانەت نەنووسرابوو لەسەر چی شتێکیش ئەو بڕیارە دراوە، بەڵام من چیدیکە ناگەڕێمەوە سەر کارەکەم.”
رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی لە 21 کورسییەوە بۆ 18 کورسی کەمبووەوە. لەو بارەوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی گوتی: “دوای گۆڕانکارییەکان، 200 هەزار دەنگدەریان لە دەستدا، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵک ناڕازییە لێمان، ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی کەمتریش دەبنەوە.”
گوتیشی: “یەکێتی بەرەو ئاقارێکی باش ناڕوات، بە پێچەوانەوە بەرەو خراپی دەڕوات، من تەحەدایان دەکەم ئەوە ساڵێکە ئەم بارودۆخانە لە نێو یەکێتی روویداوە، هیچ کەسێکی تازە نەهاتووەتە ناو حیزبەوە، ئەگەر یەک کەسی تازە هاتبێتە ناو ئەم حیزبەوە چی دەڵێن با بیڵێن، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم حیزبە کەس دوای ناکەوێت و وردە وردە نامێنێت.”
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
اترك تعليقا
آخر الأخبار