Take a fresh look at your lifestyle.

باڵيۆزى نوێى چين له‌ عێراق ‘سه‌رسامى’ی خۆی به‌ پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دەردەبڕێت

16

باڵيۆزى نوێى چين له‌ عێراق ‘سه‌رسامى’ی خۆی به‌ پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دەردەبڕێت

KNN- هەولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزی چین لە عێراق کۆبوونەوە و باڵیۆزی چین، پێزانينی بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعش و “سەرسامی”ی خۆی بە ئاوەدانی و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دەربڕیوە. 
رۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 28-8-2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سوى وى، باڵيۆزى نوێى كۆمارى چين و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايی لە سوی وى کردووە بەبۆنەی ده‌ستبه‌كاربوونییەوە، هەروەها هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى بره‌ودانی‌ په‌يوه‌ندييه‌كانی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ چين دووپاتكرده‌وه‌.
دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا چین یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە رێگەی دابینکردنی پێداویستیی پزیشکییەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کرد. لەوبارەیەوە، نێچيرڤان بارزانى سوپاسى چينى کرد كه‌ له‌ كاتى په‌تاى كۆڤيد-19دا پێداويستيى پزيشكى پێشكێش به‌ دامه‌زراوه‌ پزيشكييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، باڵيۆزى نوێى چين له‌ عێراق، “سه‌رسامیی خۆی به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان دەربڕیوە و پێزانينى بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا هەبووە و جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.”
سوى وى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، “عێراق هاوبه‌شێكى گرنگی بازرگانييه‌ له‌گه‌ڵ چين، هه‌روه‌ها هيوای خواست په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستى هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنى وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا به‌رز ببێته‌وه‌.”
بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2019ـی “نەوت بەرامبەر بیناسازی”، چین پڕۆژەی بیناسازی لە عێراق لە بەرامبەر هەناردەی 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکە، جێبەجێ دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، چالاكييه‌كانى باڵيۆزخانه‌ى چين له‌ به‌غدا و كۆنسوڵخانه‌ی چین له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به ‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیکە ته‌وه‌رى ديداره‌كه‌ بوون
اترك تعليقا
آخر الأخبار