Take a fresh look at your lifestyle.

بەرهەم ساڵح: دەبێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات سازش بکەین

19

بەرهەم ساڵح: دەبێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات سازش بکەین

 

 

KNN-هەولێر

لە کۆنفرانسی تایبەت بە پرسی ژنان لە شاری بەغدا، قەیرانی سیاسیی ئێستای وڵات بووە بابەتێکی سەرەکی. سەرۆککۆماری عێراق گوتی، “دەبێت سازش بکەین بۆ بەرژەوەندیی گشتی”، مستەفا کازمیش دەڵێت، “ئەم قەیرانە سیاسییە هەڕەشە لەدەستکەوتە ئەمنییەکان و سەقامگیریى هاووڵاتییان دەکات”.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنفراسەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: “ئەم بەرپرسیارێتییانە وامان لێدەکات کە رێکبکەوین و سازش بکەین بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەوەش لەپێناو پڕۆژەی چاکسازیی راستەقینە؛ دەبێت هەڵە باوەکانی نێو سیستمی بەڕێوەبردن دەستنیشان بکەین. سازشکردن دۆڕاندن نییە، ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و چاکسازیی بێت”.
گوتەکەی سەرۆککۆمار لە کاتێکدایە، هەوڵێکی نوێ دەدرێت بۆ کۆبوونەوەی سەرکردە و نوێنەرانی تەواوی لایەنە سیاسییەکان.
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى لیژنەى جێبەجێکاری رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 26ى مانگەوە هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح وەک سەرپشککراوى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵێکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ رازیکردنى رەوتى سەدر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى داهاتووى سەرکردە سیاسییەکان بۆ دیالۆگى نیشتمانى.
ئەحمەد عیساوی گوتیشی، ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت، ئەم هەفتەیە دووەم کۆبوونەوەى دیالۆگى نیشتمانى ئەنجام دەدرێت بۆ دەرچوون لە قەیرانى
سیاسى ئێستا. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش گوتی، دەبێت هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییەی عێراقی گرتووەتەوە.
مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد: “ئایا ئێمە لەبەردەم قەیرانى ئەمنیداین؟ نەخێر. ئێمە ئێستا لەبەردەم قەیرانێکى سیاسیداین؛ لەبەردەم ململانێی رۆڵەکانى یەک وڵاتداین؛ بەداخەوە ئەم قەیرانە سیاسییە هەڕەشە لەدەستکەوتە ئەمنییەکان و سەقامگیریى هاووڵاتییان دەکات؛ بەڵێ هاووڵاتییان کەوتوونەتە ئەوەى هەست بەدڵەڕاوکێ و بێ ئومێدى بکەن”.
بۆ چارەسەرکردنی بنبەسی سیاسی، مستەفا کازمی لە 17ـی مانگی رابردوو، نوێنەری بەشێکی بەرچاو لە لایەنە سیاسییەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆکردەوە. بڕیار بوو پێنجشەممەی رابردووش کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا باسی لەوە کرد: “جارێکی دیکە دووپات لە هەڵوێستمان دەکەینەوە کە پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین تایبەت بەم پێشهات و قەیرانە خنکێنەرە. دەستپێشخەریی دیالۆگ هەنگاوێکی دروستە بۆ کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی خنکێنەر کە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە”.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، بڕیارەی لە 30 ئەم مانگەدا دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە کە رەوتی سەدر پێداگرە لەسەر هەڵوەشانەوەی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێت لەڕێگەی پەرلەمانەوە بێت.
اترك تعليقا
آخر الأخبار