Take a fresh look at your lifestyle.

هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەیان هەزار زیارەتکاری ئێرانی دەکات

17
KNN/ساڵانە بۆ چلەی ئیمام حوسێن نزیکەی دوو ملیۆن کەس سەردانی نەجەف و کەربەلا دەکەن و بەشێکی زۆریان زیارەتکارانی ئێرانین؛ بڕیارە ئەمساڵ بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە عێراق. گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، پێشبینی دەکەن رۆژانە پێشوازی لە زیاتر لە 10 هەزار زیارەتکار بکەن؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی باشماخیش دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران.
چلەی ئیمام حوسێن ئەمساڵ دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە، بەڵام بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ نەجەف و کەربەلا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2022، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئامادەکاریی زۆریان کردووە و بەردەوامیشن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.
سیروان حوسێن گوتی: “بەگوێرەی ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، رۆژانە زیاتر لە 10 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکەمانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر دەچنە نەجەف و کەربەلا”.
لەم مانگەدا شاندە جیاوازەکانی ئێران سەردانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن.

ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڕوات بۆ بەشداریی لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە 23-9-2021. وێنە: هەڵکەوت عەزیز – رووداو
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئاب، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دەروازەکەیان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێران؛ پێشبینی دەکەن رۆژانە لە نێوان 2000 بۆ 7000 کەس بەگوێرەی رۆژەکان لە دەروازەکەیانەوە ببێنە هەرێمی کوردستان و دواتر سەردانی نەجەف و کەربەلا بکەن.
لە دەروازەی پەروێزخانەوە هیچ زیارەتکارێکی ئێرانی سەردانی ‌هەرێمی کوردستان و عێراق ناکات؛ رۆژی چوارشەممە 31ـی ئاب، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “ئێران دەروازەی مونزریەی تایبەتکردووە بە زیارەتکارەکان کە چەند خولەکێک لە ئێمەوە دوورە.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی عەباس ئیسماعیل، بڕیارە نزیکەی 500 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی مونزرییەوە سەردانی نەجەف و کەربەلا بکەن و لەو رۆژانەشی کە هاتنی زیارەتکاران زۆربێت هاتووچۆی بازرگانیی لە دەروازەکەوە رادەگرن.
مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
گەشتوگوزاری هەولێر بە پلان کار بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات، نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئامادەکاری کراوە بۆ پێشوازیکردن و لە شاری سۆرانیش شوێنێکی کاتیی حەوانەیان بۆ دیاریکراوە.”
بەشێکی ئامادەکارییەکان بریتییە لە دابینکردنی شوێنی پشوودان و دانانی دەستشۆری کاتی و ئامادەکردنی ئاوی خواردنەوە.
نەریمان فازڵ ئاماژەی بەوە کرد، مانەوەی زیارەتکارانی ئێرانیی لە هەولێر زۆر نابێت و گوتی: “لە هەولێر دوو شوێن پێشنیازکراوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی زیاترەکاران تێیدا پشووبدەن، تێرمیناڵی هەولێر یان پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، کە بە ئەگەری زۆرەوە پارکەکە دەبێت چونکە شوێنی فراوانی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل هەیە؛ هەروەها بەشێکی رێستۆرانتەکانی هەولێر لەو رۆژانەدا کۆشکی بچووک و کاتیی لە پارکەکەدا بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران دەکەنەوە.”
نەریمان فازڵ باسی لەوەش كرد، بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئێرانیی و ئەوەی بە ئەوان گوتراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی گەشتیاران دەستپێدەکەن و تاوەکو نزیکبوونەوەی زیاتر لە چلەی ئیمام حوسێن رێژەی سەردانی زیارەتکاران زیاتر دەبێت.
گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکاری بۆ پێشوازیی لە زیارەتکاران نەکردووە، رۆژی چوارشەممە 31ـی ئاب، ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رووداوی گوت: “هیچ بودجەیەکمان لەبەردەست نییە، تەنانەت بودجە بۆ بەنزینی ئۆتۆمبێلەکانیشمان نییە، کە هیچ پارە نەبێت چۆن بتوانین ئامادەکاری بکەین؟”
ئارام شوانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە نەوەکو بۆ زیارەتکاران، بەڵکو جەژنەکانی رابردووش هیچیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران نەکردووە و گوتیشی: “ئەگەر شتێکی دووبارەش کرابێت رۆتینیی و دووبارە بووە و وەکو پێویست نەبووە.”
ئەو زیارەتکارانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە نەجەف و کەربەلا، بە هەمان دەروازەدا دەگەڕێنەوە.
ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
کوژرانی ئیمام حوسێن  کۆتایی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی کوڕی مەعاوییە و لایەنگرانی هەردوولا هێنا، چونکە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزید نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.
اترك تعليقا
آخر الأخبار