KNN/ ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى سەدر پێنج پێشنیازى ئاراستەى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد و داوا دەکات حەشدی شەعبی لە ناوچەى سەوز دووربخرێتەوە و سەرۆکەکەى بگۆڕدرێت.
1ى ئەیلوولی 2022، ساڵح محەممەد عێراقى، ناسراو بە وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر پەیامێکى پێنج خاڵى ئاراستەى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد کە مستەفا کازمییە.
ساڵح محەممەد عێراقی لە خاڵى یەکەمدا پێشنیاز دەکات فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی بگۆڕدرێت، بەو پێیەى، بە گوتەى ئەو، “کەسێکى حیزبیە و حەشدی شەعبی بە سیاسی کردووە و بۆ ئەو پۆستە شیاو نییە و کەسایەتییەکی بەهێز و بیری سەربازیشی نییە” .
فالح فەییاز لەساڵى 2020 بەفەرمى پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی وەرگرت کە پێشتر بەوەکالەت بەڕێوەى دەبرد؛ جگە لەوە، ئەو سەرۆکى هاوپەیمانیى عەقدى وەتەنییە کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و خاوەنى هەشت کورسی پەرلەمانى عێراقە.
لە پێشنیازى دووەمدا وەزیرەکەى سەدر پێشنیاز دەکات بڕیارێکى تووند دەربکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو گرووپە چەکدارانەى کە “بانگەشەى بەرگرى دەکەن، بەڵام رۆڵەکانى گەلى عێراق دەکوژن”.
پێشنیازێکى دیکەى ئەوەیە کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی لە ناوچەى سەوز دەربکرێن و هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی ناوچەى سەوز بگرنە دەست و دەڵێت:”مانەوەى ئەو گرووپانە لە ناوچەى سەوز مەترسیە تەنانەت بۆ خودى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانى دیکە، بەتایبەت دادگە و دروستکردنى گوشار لەسەرى”.
لە خاڵى چوارەمدا وەزیرى سەدر داوا دەکات حەشدی شەعبی لە بازگە و دەروازە سنوورییەکان دووربخرێتەوە، ئەوەش لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەها و ناوبانگى “موجاهیدەکان” و دەشڵێت، هەندێک هەن کە بەمەبەست کار دەکەن بۆ زڕاندنى ناوبانگیان لەرێگەى بەکارهێنانى تووندوتیژى و بازرگانی و قاچاخچێتیەوە.
وەزیرەکەى سەدر لە خاڵى پێنجەمدا پێشنیاز دەکات پاڵپشتى “موجاهیدەکان ” بکرێت لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان کە بەهۆى ئەوەى وەک ئەو دەڵێت:”رووبەڕووى پشتگوێخستن و گوێپێنەدان بوونەتەوە لەڕووى سەربازى و ئەمنى و لۆجیستىیەوە”.