KNN- جیهان
تورکیا بە تووندی وەڵامی رەخنەکانی ئیمانوێل ماکرۆن دەداتەوە کە لە سەردانەکەیدا بۆ جەزائیر رایگەیاندبوو، هەندێک وڵات لە دژی فەرەنسا پڕوپاگەندە لە ئەفریقا بڵاودەکەنەوە.
لە سەردانێکیدا بۆ جەزائیر لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان، ماکرۆن رۆژی هەینی هۆشداریی بە گەنجانی جەزائیر و کیشوەری ئەفریقا دا کە گوێ بۆ ئەو “تۆڕانە” نەگرن کە لەژێر هەژموونی تورکیا، رووسیا و چیندان و هەوڵدەدەن فەرەنسا وەکو “دووژمنیان” پێشان بدەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە رۆژنامەڤانانی گوت، “بەلاڕێدابردنێکی بەرفراوان هەیە. ژمارەیەکی زۆری چالاکڤانانی ئیسلامی سیاسی دووژمنێکیان هەیە، کە ئەویش فەرەنسایە. زۆر لەو تۆڕانەی کە بە نهێنی لەلایەن تورکیا، رووسیا و چینەوە پشتیوانی دەکرێن، دووژمنێکیان هەیە، ئەویش فەرەنسایە.”
تانجو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تووندی رەخنە لە قسەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا دەگرێت و دەڵێت، “مایەی قبووڵکردن نییە ماکرۆن، کە توانای ئەوەی نییە رووبەڕووی رابردووی داگیرکاریی خۆی لە ئەفریقا ببێتەوە، بەتایبەتی لە جەزائیر، لەڕێگەی درێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ وڵاتانی دیکە، لەنێویاندا وڵاتی ئێمە، هەوڵدەدات خۆی لە رابردووی داگیرکارییەکەی بدزێتەوە.”
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی، “هیوادارین فەرەنسا بگاتە ئاستی پێگەیشتوویی و رووبەڕووی رابردووی داگیرکاریی خۆی ببێتەوە بەبێ ئەوەی لۆمەی وڵاتانی دیکە بکات.”
سەردانە سێ رۆژییەکەی ماکرۆن لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام بوو، کە مەبەست لێی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و جەزائیر دوای چەندین مانگ لە گرژی.
ئەمساڵ شەش دەیە بەسەر ئازادبوونی جەزائیر لە داگیرکاریی 132 ساڵەی فەرەنسا تێپەڕی. ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتە ئەوروپییەکان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ گازی رووسیا، لەوانەش لەڕێگەی هاوردەکردنی گاز لە جەزائیری گەورەترین هەناردەکاری ئەفریقا.