Take a fresh look at your lifestyle.

موقتەدا سەدر:لەگەڵ گەندەڵکاران کۆنابینەوە

4
رێبەری رەوتی سەدر موقتەدا سەدر رایگەیاند، “ئێمە لەگەڵ گەندەڵکاران کۆنابینەوە”، هەروەها بە گوتەی سەدر، دەبێ هەموو زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی لە عێراق بە “تایبەت ئێرانییەکان” پابەندی یاساکان بن و بەڕێگەپێدان و بە پاسپۆرتی فەرمییەوە سەردانی عێراق بکەن.
کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە
سەدر رۆژی شەممە 3-9-2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: “ئێمە لە ژێر خێوەتی ئیمام حوسێن لەگەڵ گەندەڵکاران کۆنابینەوە، نەخێر و هەزار جار نەخێر، چونکە کەسانی وەکو ئێمە پشتیوانیی کەسانی وەکو ئەوان ناکەن، ژیانیش لەگەڵ ئەوان بێزارییە و مردنیش دوور لەوان خۆشییە.”
سەدر گوتیشی: “ئیدی با هەموو زیارەتکاران نزا بۆ برا چاکسازیخوازەکان لە عێراق بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەندەڵییەی کە لە وڵاتەکەیاندا بڵاوبووەتەوە.”
هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق
سەدر دەشڵێت: “نەجەفی پیرۆز منارەی یەکەمی شیعەگەراییە، بەڵام هەر چۆن سعودییە وەرزی حەجی بە یاسا لەسەر بنەمای شەریعەت رێکخستووە، هەروەها، وڵاتانی ئێران، میسر و سووریاش کە مەزارگەی پیرۆزیان تێدایە هەمان کاریان کردووە، دەبێ لە عێراقیش زیارەتکاران پابەندی یاساکان بن.”
موقتەدا سەدر روونی کردەوە: “مەبەستم بە تایبەتی زیارەتی چلەی ماتەمینییە لە 20ی مانگی سەفەر [چلەی ماتەمینی کوژرانی ئیمام حوسێنی کچەزای پێغەمبەر (د.خ)]، بۆیە دەبێ هەمووان پابەندبن بەتایبەت برایانی ئێرانی، چونکە ئەوان زۆرینەن لەنێو زیارەتکاراندا.”
رێبەری رەوتی سەدر ئاماژە بەوەش دەکات: “نابێ زیارەتکارانی عێراق وەکو خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت بکەن. هەروەها، دەبێ مامەڵەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ زیارەتکارانی عێراقی لە رووی دیپلۆماسی و رەوشتەوە هاوشێوە بێت و هەردوولا پابەندی یاساکان بن.”
سەدر جەخت لەوەش دەکاتەوە کە “دەبێت زیارەتکارەکان بە رێگەپێدان و بە پاسپۆرتی فەرمییەوە سەردانی عێراق بکەن. هاوکات، عێراق ناچار نییە زیاتر لە توانای خۆی پێشوازی لە زیارەتکاران بکات. پێویستیشە تەنیا هێزە ئەمنییەکان بەشداربن لە پاراستنی ئاسایشی زیارەتکاران بە تایبەت لە کەربەلا، نەک حەشد و سەرایا سەلام و هاوشێوەکانیان.”
ئەم گوتانەی رێبەری رەوتی سەدر دوای ئەوە هات کە شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە 29 و 30 مانگی ئاب لە بەغدا لە نێوان لایەنگرانی رەوتەکەی و ئەوانەی کە رەوتی سەدر دەڵێت، چەکداری سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین روویدا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
اترك تعليقا
آخر الأخبار