بەگوێرەی زانیارییەکانی KNN؛ هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە کشانەوەیەکی لەناکاوی 72 کاژێریدا، سەدان سەرباز و سیستمی سەرەکیی بەرگریی ئاسمانییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە.

کشاندنەوەی سیستمی پاتریۆت
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون.
سەرچاوەکان دەڵێن، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن، لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکان لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە؛ هەروەها زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە سەربازییە قورسەکانیان براونەتە دەرەوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە “سەرجەم پاتریۆتەکان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام هەندێک سیستمی بەرگریی دیکە هێشتا لە شوێنی خۆیان ماون.”
بەرپرسانی ناوچەکە ئەم کشانەوەیەیان بە “هەنگاوێکی ئاسایی” وەسفکردووە و دەڵێن، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 30ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ. بەڵام کشانەوەی ئەم هێزانە، بەتایبەتی سیستمی پاتریۆت، لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون.
هەرچەندە ئەم سیستمە بەرگرییانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا جێگیر کرابوون، بەڵام هەرێمی کوردستانیش سوودێکی زۆری لەو چەترە ئەمنییە بینیوە. لەوەتەی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام رووبەڕووی هێرشی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەرنیان گوتووە، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە لانیکەم 95٪ـی ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.
“ئامادەی چۆڵکردن بن”
ئەمڕۆ شەممە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، “هۆشدارییەکی ئەمنی”ـی بەپەلەیان بۆ هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوایان لێکردن ئامادە بن بۆ جێهێشتنی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەیە ململانێکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادبکەن.”
هەردوو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن کە ئێستا لە ناوچەکەدان، زۆر وریابن و چاوکراوەتر بن. هەروەها هۆشدارییان پێدەدەن کە “خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ناوبەناوی ئاسمانی وڵاتان و تێکچوونی بەرنامەی گەشتەکانیان.”
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا بە روونی هاتووە: “پێویستە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بیر لە جێهێشتن و رۆیشتن بکەنەوە، یان لانیکەم ئامادە بن بۆ رۆیشتن ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو.”
باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونیشیکردووەتەوە، هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە و هەندێکی دیکەشیان بەتەواوی گەشتەکانیان بۆ چەندین شوێن هەڵوەشاندووەتەوە. هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بەر لە چوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (و فڕۆکەخانەکانی دیکە)، راستەوخۆ لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان پەیوەندی بکەن بۆ دڵنیابوون لە گەشتەکانیان.


